پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە10/6/2019 بەئا‌مادەبوونی جەنابی سەرۆك بارزانی، بەڕێزان د. بەرهەم ساڵح سەركۆماری عێراقی فیدرال، محەمەد ئەلحەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، مەولوود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، ثامر السبهان وەزیری دەوڵەتی سعوودیە بۆ كاروباری كەنداو، باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان لەعێراق، دیپلۆماتكار و سەركردەو سیاسەتمەدار و لایەنەسیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و دەرەوه، دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ سوێندخواردنی فەرمیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لەدانیشتنەكەدا دوای سوێندخواردن و پێشكەشكردنی چەند وتەیەك لەلایەن ئامادەبووانەوە، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا جیا لە بەخێرهێنانی میوانان و دەربڕینی خۆشحاڵیی بەئامادەبوونیان لەڕێوڕەسمەكەدا، سوپاسی بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی پەرلەمانی كرد بۆ هەڵبژاردنی بەڕێزیان وەك سەرۆكی چوار ساڵی داهاتووی هەرێمی كوردستان، هەروەها سوپاسی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كرد كەدەنگیان نەدا و ئەوانەشی كەنەچوونە پەرلەمان كەهەریەكەیان بەخواستی خۆی و بەنوێنەرایەتیی ده‌نگده‌ران، له‌سه‌ر ڕاسپاردەی ئه‌و حزبه‌ی نوێنه‌راتی ده‌كه‌ن لەپه‌رله‌مان، ماف و ئەركی دیموكراسیی خۆیان پیادەكرد.
دواتر بەڕێزیان ئاماژەی بەوەكرد كەلەم ڕۆژەدا چەند یادەوەرییەكی خۆش و ناخۆش بیردەكەونەوە كە هەندێكیان دوور و هەندێكیشیان نزیكن كە لەیاد ناكرێن تا پەندیان لێ وەربگیرێت و ناخۆشترین بیرەوەریی نوێش هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سه‌ر چه‌ندین شار و شارۆچكە و گوندی هه‌رێمی كوردستان و عێراقە كە شێوازی كوشتارەكەیان هەمووانی تووشی شۆك كرد و دنیای هه‌ژاند و پێشبینیی ئەو دڕندەییە لە سەدەی بیست و یەكدا نەدەكرا و بۆ ماوەیەكی كورتیش لە مه‌رام و مه‌به‌ستیان بۆ تۆقاندنی دونیا، سەركەوتوو بوون.
هەر لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەڕۆڵی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كرد كەڕۆڵێكی گرنگ و سه‌ره‌كی بینی لەبەرپەرچدانەوەی تیرۆریستانی داعش و تێكشكاندنی خه‌ونی تاریكپەرستی و وێرانكارییان و وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمەرگەی هه‌رێمی كوردستان، به‌وپه‌ڕی توانایه‌وە ڕاستەوخۆ بەشداریی پاراستن و بەرگری لەهەرێمی كوردستان كرد و شه‌ونخوون و بێ وچان لە به‌ره‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگە قارەمانەكان، بەسه‌بر و خۆڕاگری، ئه‌زموونی پێشمه‌رگایه‌تیی خۆیی هەر لە(16) ساڵییەوەتا ئەمڕۆی خستەخزمەتی به‌رگری و پاراستنی ژیان و مرۆڤایه‌تی لەهەرێم و عێراق و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش.
بەڕێزیان دووپاتیشی كردەوە كە لەو قۆناغەسەختەدا، جگە لە ڕۆڵی سەربازیی یەكلاكەرەوە و بەرزكردنەوەی ورە و بڕوا‌ی پێشمەرگە لەبەرەكانی جەنگدا، جەنابی سەرۆك بارزانی بەئەزموونی نزیكەی (55) ساڵی خەبات و تێكۆشانی خۆی لەشۆڕش و سەركردایەتی و ڕابەرایەتیكردنی شۆڕشدا، بەحیكمەت و لێزانی و شارەزاییی خۆی، گەلی كوردستانی لەهەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینەوه، بۆ كەناری ئارامی پەڕاندەوە، هەروەها ڕێوڕەسمەكە‌شی بۆ پرۆسەی دیموكراسی، بەرهەمی خەبات و تێكۆشان و كۆڵنەدانی جەنابی سەرۆك بارزانی و تێكۆشەرانی گەلی كوردستان گەڕاندەوە و بە بەرهەمی خەباتیان بەرەو بە دیموكراسیكردنی هەرێمی كوردستانی زانی.
هەر لەمبارەیەوەبەڕێزیان ئەوەی بیرهێنایەوە كە دوای ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی 1991 لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا لە كۆیە، بۆ یەكەمجار جەنابی سەرۆك بارزانی داوای كرد كە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن بكرێت و گەلی كوردستان نوێنەرانی خۆیان لەپرۆسە و دەنگدانێكی دیموكراسیدا هەڵبژێرن و جەختی كردەوە كە لەداهاتووشدا مێژووی خەبات و تێكۆشانی سەرۆك بارزانی، دەبێتە ئیلهامبەخش بۆ هەنگاونانی دروست بەرەو ئایندە.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد كەپێشمەرگە سەلماندی وەك هەمیشە دەتوانێ بەرگری لەوڵات بكات و پێشمه‌رگە، بە یارمه‌تی و هاوكاریی هاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تی بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، هاوشان لەگەڵ هێزە عێراقییەكانی سوپا و حەشدی شەعبی، سەركەوتن لەئازادكردنی ناوچە داگیركراوه‌كان و ڕزگاركردنی خه‌ڵكی كۆیله‌كراو و چەوساوه‌ی ژێر دەستی داعش و قوربانیی هەموولایەكی له‌پێناو ئازادی، سه‌ربه‌ستی و مافی ژیان و نیشتمان و گه‌لی كوردستاندا بەرز نرخاند و لەمبارەیەوە سڵاو و دروودی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان، كەسوكاری سەربەرزیان، پێشمه‌رگە و هێزەعێراقییەكان و هاوپەیمانان، سوپا و حەشدی شەعبی و ئه‌و هێزانە نارد كەڕۆڵی مێژووییی خۆیان له‌و قۆناغە ناسكه‌ی هه‌رێم و عێراق و جیهاندا بینیی و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست.
ئەوەشی بیرهێنایەوە كە وڵاتانی هاوپه‌یمانیی دژی داعش ڕۆڵی كاریگەر و بوێرانه‌یان بینی لەهاوكاری و سەرپەرشتیی پێشمه‌رگە بۆ كۆتاییهێنان بە ده‌سهڵاتی تیرۆریستانی داعش و سوپاسی بێ پایانی بۆ حكوومه‌ت و هێزی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتیی ئەمەریكا و هەموو وڵاتانی بەشدار لەناوچەكە و لەجیهان نارد، كە بوونە هاوكار و گه‌ره‌نتیی گەڕانەوەی هیوای ژیان و ئاشتی و ئازادی، لەهه‌رێم و عێراق.
سەبارەت بەقۆناغی داهاتووش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند كەهەموو هەوڵێك دەدەن لەهەموو ڕوویەكەوە پێشمەرگە ڕێك بخرێتەوە و بەهێز بكرێت و وەك بەشێك لەسیستمی بەرگریی عێراق، ماف و شایستە دەستوورییەكانی خۆی بەدەست بهێنێت و لەمبارەیەوەش سوپاسی هاوكاریی هاوپەیمانانی كرد.
لەبەشێكی دیكەی وتەكەیدا بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كەهەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدرالیی دەستووریی عیراق، سەلماندوویەتی بەشێكی دیار و كاریگەری ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و ڕۆڵی بەرچاوی لەپاراستنی سەقامگیری و هاوسەنگیی ئابووری و سیاسیی ناوچەكەدا هەیە. دووپاتیشی كردەوە كە هەموو پێشكەوتنە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكانی ناوچەكە و جیهانیش، كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە قۆناغەكانی داهاتوو پێویستی بەهاوكاری و هەماهەنگی و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهاندا و بۆ ئەم مەبەستە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزلەیەكگرتن، دەیانەوێت دەستی هاوكاری و هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی بۆ هەمووان درێژ بكەن چونكە هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی ناسكی جیاوازی سیاسی و كۆمه‌ڵایەتیدا تێده‌په‌ڕێت و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیش وه‌ك هەر كۆمەڵگه‌یه‌كی مرۆڤایەتی، بێ داخوازیی سەربەستی، ئازادی، گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایەتی و خۆشگوزه‌رانی نییە و وه‌ك زۆربەی میللەتانی دیكه، بێ ململانێی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ئایدۆلۆژیش نین.
هەر لەوتەكەیدا بەڕێزیان ئاماژەی بەوەكرد كەزۆر جار لە فه‌رهه‌نگی سیاسی و نەریتی میدیایی هەرێمی كوردستاندا پتر لەپێویست جه‌خت له‌سه‌ر ململانێ، ناته‌بایی و ناسازی كراوەتەوە و داوای كرد لەمەودوا لە گشت ئاستێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆك و ته‌با و ساز بن و ئه‌مه‌شی بە داخوازییه‌كی له‌توانابه‌ده‌ری هێزە سیاسییه‌كانی هەرێمی كوردستان و هیچ كه‌سێكی خەمخۆر نەزانی و دووپاتی كردەوە كە ململانێ و جیاوازی وەك شتێكی ئاسایی هه‌ر ده‌مێنن، بەڵام داوای كرد بیركردنەوه‌كان ناكۆك، ناته‌با و ناساز نه‌بێت و له‌بر