بهڕێز جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ خاتوو جینین هینیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیى سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق پرسی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و كێشەی پارێزگای كەركووكی تاوتوێ كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ شاندی نەتەوەیەكگرتووەكان کە ئەمڕۆ سێ شەمە 2-7-2019 لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بە وردی تیشكی خستەسەر کێشەکانی هەرێم و بەغدا و جەختی کردەوە کە دەبێت هەرچی زووە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن، بە تایبەتیش ئەو گرفتانای لەبارەی نەوت و بوودجە ھەن.
سەبارەت بە كێشەكانی كەركووكیش، بهڕێز قوباد تاڵەبانی بە شاندی میوانی راگەیاند؛ پێویستە ڕەوشی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە، پرۆسەی جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوریش دەست پێ بكاتەوە و هەموو لایەنەکانیش كار بۆ پتەوكردنی پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكە بكەن، و ئاماژەی بە بۆچونی سەرۆک مام جەلال- دا سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵە کردن لەگەڵ پرسی کەرکووک کە وەک نەشتەرگەری مێشک ھەستیارە و دەبێت زۆر بەووردی ئیشی تێدا بکرێت و گیانی لێبوردەیی و پێکەوەیی تێدا بەرپا بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پێویستی بەردەوامبوونی چاکسازییەکان لە کابینەی داهاتوودا کرد و بە تایبەتیش جەختی کردەوە لەسەر پێویستی رێکخستنەوەی سیستەمی بانکی لە کوردستان ھەروەھا بەردەوامی چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە.