حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 26 DEC 2024 14:00 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی: چاکسازییەکان بەردەوام بن و زیاتر پەرەیان پێ بدرێت

MON, 24 JUN 2019 17:32 | KRG Cabinet

به‌ڕێز جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی ئەمریكی ڕایگەیاند: ئەركەكانی كابینەی داهاتووی هەرێم بەردەوام بوونە لەسه‌ر چاكسازییەكان و زیاتر پەرەیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی ھەموو سێكتەرە جیاوازەكان بگرێتەوە.

لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا كە ڕۆژی دووشەممە 24 حوزەیرانی 2019 لەهەولێر بەڕێوەچوو، به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ ئاندرۆ پیك، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران و شاندی هاوڕێی، جەختی لەسەر ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی بەتایبەتی وەبەرهێنانی ئەمەریكی كرده‌وه‌ بە مەبەستی بەرەوپێشچوونی زیاتری وەبەرھێنان لە كوردستان.

به‌ڕێزیان ئاماژەی بەوەش كرد كه‌ حكوومەتی ئێستای هەرێم سەرباری گرفت و قەیرانەكان کە تووشی بوون لەماوەی کارکردنیدا، لە كابینەی پێشوودا هەندێك هەنگاوی گرنگی لەبواری چاكسازیدا دەستپێکرد، ئەركی گەورەی كابینەی داهاتووش درێژەپێدان و فراوانكردن و گشتاندنی ئەو هەنگاو و هەوڵانەیە بۆ ئەوەی هەموو سێكتەرە حكوومییەكان بگرێتەوە.

هەروەها به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی ڕوونیكردەوە بەربەستی كار لە كوردستان ھەیە، بەڵام بە بەراورد بە بەشەكانی تری عێراق، هەرێم لەهەموو جێگایەك گونجاوترە بۆ وەبەرهێنان.

ئەم كۆبوونەوەیە رۆژێك پاش واژووكردنی پڕۆتۆكۆڵی لەیەكگەیشتن هات لەنێوان یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان و یەكێتیی ژووری بازرگانی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە شاری هەولێرو هەریەك لە ماثیو تیللەری باڵیۆزی نوێی ئەمەریكا لە بەغداو ستیفن فەیگنی كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمەریكا ئامادەی بوون.



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان