حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 21 NOV 2024 12:16 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد

MON, 10 JUN 2019 18:46 | KRG Cabinet

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە10/6/2019 بەئا‌مادەبوونی جەنابی سەرۆك بارزانی، بەڕێزان د. بەرهەم ساڵح سەركۆماری عێراقی فیدرال، محەمەد ئەلحەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، ثامر السبهان وەزیری دەوڵەتی سعوودیە بۆ كاروباری كەنداو‌، باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان لەعێراق، دیپلۆماتكار و سەركردەو سیاسەتمەدار و لایەنەسیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و دەرەوه، دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ سوێندخواردنی فەرمیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.


لەدانیشتنەكەدا دوای سوێندخواردن و پێشكەشكردنی چەند وتەیەك لەلایەن ئامادەبووانەوە، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا جیا لە بەخێرهێنانی میوانان و دەربڕینی خۆشحاڵیی بەئامادەبوونیان لەڕێوڕەسمەكەدا، سوپاسی بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی پەرلەمانی كرد بۆ هەڵبژاردنی بەڕێزیان وەك سەرۆكی چوار ساڵی داهاتووی هەرێمی كوردستان، هەروەها سوپاسی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كرد كەدەنگیان نەدا و ئەوانەشی كەنەچوونە پەرلەمان كەهەریەكەیان بەخواستی خۆی و بەنوێنەرایەتیی ده‌نگده‌ران، له‌سه‌ر ڕاسپاردەی  ئه‌و حزبه‌ی نوێنه‌راتی ده‌كه‌ن لەپه‌رله‌مان، ماف و ئەركی دیموكراسیی خۆیان پیادەكرد.


دواتر بەڕێزیان ئاماژەی بەوەكرد كەلەم ڕۆژەدا چەند یادەوەرییەكی خۆش و ناخۆش بیردەكەونەوە كە هەندێكیان دوور و هەندێكیشیان نزیكن كە لەیاد ناكرێن تا پەندیان لێ وەربگیرێت و‌ ناخۆشترین بیرەوەریی نوێش هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سه‌ر چه‌ندین شار و شارۆچكە و گوندی هه‌رێمی كوردستان و عێراقە كە شێوازی كوشتارەكەیان هەمووانی تووشی شۆك كرد و دنیای هه‌ژاند و‌ پێشبینیی ئەو دڕندەییە لە سەدەی بیست و یەكدا نەدەكرا و بۆ ماوەیەكی كورتیش لە مه‌رام و مه‌به‌ستیان بۆ تۆقاندنی دونیا، سەركەوتوو بوون.

هەر لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەڕۆڵی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كرد كەڕۆڵێكی گرنگ و سه‌ره‌كی بینی لەبەرپەرچدانەوەی تیرۆریستانی داعش و تێكشكاندنی خه‌ونی تاریكپەرستی و وێرانكارییان و وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمەرگەی هه‌رێمی كوردستان، به‌وپه‌ڕی توانایه‌وە ڕاستەوخۆ بەشداریی پاراستن و بەرگری لەهەرێمی كوردستان كرد و شه‌ونخوون و بێ وچان لە به‌ره‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگە قارەمانەكان، بەسه‌بر و خۆڕاگری، ئه‌زموونی پێشمه‌رگایه‌تیی خۆیی هەر لە(16) ساڵییەوەتا ئەمڕۆی خستەخزمەتی به‌رگری و پاراستنی ژیان و مرۆڤایه‌تی لەهەرێم و عێراق و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش.


بەڕێزیان دووپاتیشی كردەوە كە لەو قۆناغەسەختەدا، جگە لە ڕۆڵی سەربازیی یەكلاكەرەوە و بەرزكردنەوەی ورە و بڕوا‌ی پێشمەرگە لەبەرەكانی جەنگدا‌، جەنابی سەرۆك بارزانی بەئەزموونی نزیكەی (55) ساڵی خەبات و تێكۆشانی خۆی لەشۆڕش و سەركردایەتی و ڕابەرایەتیكردنی شۆڕشدا، بەحیكمەت و لێزانی و شارەزاییی خۆی، گەلی كوردستانی لەهەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینەوه، بۆ كەناری ئارامی پەڕاندەوە، هەروەها ڕێوڕەسمەكە‌شی بۆ پرۆسەی دیموكراسی‌، بەرهەمی خەبات و تێكۆشان و كۆڵنەدانی جەنابی سەرۆك بارزانی و تێكۆشەرانی گەلی كوردستان گەڕاندەوە و بە بەرهەمی خەباتیان‌‌ بەرەو بە دیموكراسیكردنی هەرێمی كوردستانی زانی.


هەر لەمبارەیەوەبەڕێزیان ئەوەی بیرهێنایەوە كە دوای ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی 1991 لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا لە كۆیە، بۆ یەكەمجار جەنابی سەرۆك بارزانی داوای كرد كە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن بكرێت و گەلی كوردستان نوێنەرانی خۆیان لەپرۆسە و دەنگدانێكی دیموكراسیدا هەڵبژێرن و جەختی كردەوە كە لەداهاتووشدا مێژووی خەبات و تێكۆشانی سەرۆك بارزانی، دەبێتە ئیلهامبەخش‌ بۆ هەنگاونانی دروست بەرەو ئایندە.


بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد كەپێشمەرگە سەلماندی وەك هەمیشە دەتوانێ بەرگری لەوڵات بكات و پێشمه‌رگە، بە یارمه‌تی و هاوكاریی هاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تی بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، هاوشان لەگەڵ هێزە عێراقییەكانی سوپا و حەشدی شەعبی، سەركەوتن لەئازادكردنی ناوچە داگیركراوه‌كان و ڕزگاركردنی خه‌ڵكی كۆیله‌كراو و چەوساوه‌ی ژێر دەستی داعش و قوربانیی هەموولایەكی له‌پێناو ئازادی، سه‌ربه‌ستی و مافی ژیان و نیشتمان و گه‌لی كوردستاندا بەرز نرخاند و لەمبارەیەوە سڵاو و دروودی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان، كەسوكاری سەربەرزیان، پێشمه‌رگە و هێزەعێراقییەكان و هاوپەیمانان،‌ سوپا و حەشدی شەعبی و ئه‌و هێزانە نارد كەڕۆڵی مێژووییی خۆیان له‌و قۆناغە ناسكه‌ی هه‌رێم و عێراق و جیهاندا بینیی و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست.


ئەوەشی بیرهێنایەوە كە وڵاتانی هاوپه‌یمانیی دژی داعش ڕۆڵی كاریگەر و بوێرانه‌یان بینی لەهاوكاری و سەرپەرشتیی پێشمه‌رگە بۆ كۆتاییهێنان بە ده‌سهڵاتی تیرۆریستانی داعش و سوپاسی بێ پایانی بۆ حكوومه‌ت و هێزی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتیی ئەمەریكا و هەموو وڵاتانی بەشدار لەناوچەكە و لەجیهان نارد، كە بوونە هاوكار و گه‌ره‌نتیی گەڕانەوەی هیوای ژیان و ئاشتی و ئازادی، لەهه‌رێم و عێراق.


سەبارەت بەقۆناغی داهاتووش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند كەهەموو هەوڵێك دەدەن لەهەموو ڕوویەكەوە پێشمەرگە ڕێك بخرێتەوە و بەهێز بكرێت و وەك بەشێك لەسیستمی بەرگریی عێراق، ماف و شایستە دەستوورییەكانی خۆی بەدەست بهێنێت و لەمبارەیەوەش سوپاسی هاوكاریی هاوپەیمانانی كرد.


لەبەشێكی دیكەی وتەكەیدا بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كەهەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدرالیی دەستووریی عیراق، سەلماندوویەتی بەشێكی دیار و كاریگەری ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و ڕۆڵی بەرچاوی لەپاراستنی سەقامگیری و هاوسەنگیی ئابووری و سیاسیی ناوچەكەدا هەیە. دووپاتیشی كردەوە كە هەموو پێشكەوتنە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكانی ناوچەكە و جیهانیش، كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە قۆناغەكانی داهاتوو پێویستی بەهاوكاری و هەماهەنگی و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و‌ جیهاندا و بۆ ئەم مەبەستە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزلەیەكگرتن، دەیانەوێت دەستی هاوكاری و هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی بۆ هەمووان درێژ بكەن چونكە هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی ناسكی جیاوازی سیاسی و كۆمه‌ڵایەتیدا تێده‌په‌ڕێت و  كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیش وه‌ك هەر كۆمەڵگه‌یه‌كی مرۆڤایەتی، بێ داخوازیی سەربەستی، ئازادی، گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایەتی و خۆشگوزه‌رانی نییە و وه‌ك زۆربەی میللەتانی دیكه، بێ ململانێی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ئایدۆلۆژیش نین.


هەر لەوتەكەیدا بەڕێزیان ئاماژەی بەوەكرد كەزۆر جار لە فه‌رهه‌نگی سیاسی و نەریتی میدیایی هەرێمی كوردستاندا پتر لەپێویست جه‌خت له‌سه‌ر ململانێ، ناته‌بایی و ناسازی كراوەتەوە و داوای كرد لەمەودوا لە گشت ئاستێكی كۆمەڵایەتی و سیاسیدا له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆك و ته‌با و ساز بن و ئه‌مه‌شی بە داخوازییه‌كی له‌توانابه‌ده‌ری هێزە سیاسییه‌كانی هەرێمی كوردستان و هیچ كه‌سێكی خەمخۆر نەزانی و دووپاتی كردەوە كە ململانێ و جیاوازی وەك شتێكی ئاسایی هه‌ر ده‌مێنن، بەڵام داوای كرد بیركردنەوه‌كان ناكۆك، ناته‌با و ناساز نه‌بێت و له‌بری بیركردنەوە لە چۆنیەتیی بنكۆڵكردنی پێگه‌ی یه‌كتر، بیر و هه‌ڵسوكه‌وت و كرداری هەموولایەك پێكه‌وە و بنیاتنه‌رانەبێت بۆ گەڕان بەدوای چاره‌سه‌ر و ئاینده‌ی هاوبه‌شدا و نیشتمان كۆكەرەوەی هەمووان بێت.


داواشی كرد كە نوێنه‌رانی پێكهاته‌كانی هەرێمی كوردستان بە هه‌موو ڕه‌نگ و جیاوازییانەوه، به‌شداریی ژیانەوەی هه‌رێم و بەهێزكردنی بنەمای ڕه‌وتی به‌ره‌و ئایندە بكه‌ن و وەك سه‌رۆكی چەند ساڵی داهاتووی هەرێمی كوردستان داوای پێكەوەكاركردنی بۆ هێنانه‌دی ئاواتی گەورەتر لەخۆیان و هەریه‌ك لەحزبەكانیان كرد بەجۆرێك پێكه‌وە ئاراستەی هاوبەش دەستنیشان بكه‌ن و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم، عێراق، وڵاتانی دراوسێ، دۆستە نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ڕێكخراوانی نێوده‌وڵه‌تی، بارودۆخی نوێی گونجاو له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و كۆمه‌ڵگه‌ی هاوبەشی هه‌رێم، پێكەوەژیان و نیشتمانی هاوبه‌ش بپارێزن، چونكە كاتێك پێكەوە نەخشەڕێی نوێی هاوبه‌ش بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق داده‌نێن، ڕێگە هه‌ڵە ناكەن و بۆ هه‌مووانیش ئاشكرا دەبێت بەچ ئاراستەیەك هەنگاو ده‌نێن و چی پێویست ده‌بێت بۆ گەیشتن بەئامانجی هاوبەش.


جەختیشی كردەوە كە ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال لە به‌غدا پێكه‌وە كار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبه‌ش لە چوارچێوه‌ی ده‌ستووری فیدرالی عێراق بكەن كەگەلانی عێراق چه‌نده‌ها ساڵ خەونیان پێوەدەبینی تا ببێتە بنه‌مای عێراقێكی نوێ و مافەكانی هه‌رێم و هەموو عێراقییەكان لەچوارچێوەی حوكمڕانییەكی دیموكراتی فیدرالدا بپارێزرێت كە چوار لەسەر پێنجی دەنگدەران لەسەرتاسەری عێراق ده‌نگیان پێدا و جێبه‌جێكردنی تەواوی ماددە و بەندەكانی ببێتە زامنكردنی پێكه‌وه‌ژیان، لێكگه‌یشن، یه‌كتر په‌سه‌ندكردن و به‌هێزكردنی پرۆسه‌ی سیاسی لەعێراق، هەروەها ڕایگەیاند كە ئەوان ئومێدیان بەدەستوور هەبوو، بەڵام بەداخەوە نەتوانرا وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و ئەو عێراقە نوێیە بنیات بنرێت كەهەموو گەلانی عێراق خەونیان پێوەدەبینی لەكاتێكدا‌ هەرێمی كوردستان لەهەوڵی بنیاتنانی هەموو دامەزراوەكانیدا، ڕۆڵ و بەشداریی كارای هەبووە و بەرگری لێ كردووە.


بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەش‌ كردەوە كە لە عێراقدا هیچ جێگرەوە و بەدیلێك بۆ دەستوور نییە و بەئەزموون بینرا كە پشتگوێخستنی بەمەبەست و بێ مەبەست، یان جێبەجێ نەكردنی هه‌ر به‌ندێكی ئەو دەستوورە، ده‌بێتە هۆی سەرهەڵدانی ناكۆكی و ناته‌بایی و ناسازیی نوێ لەنێوان پێكهاتە عێراقییەكاندا، بۆیە ڕایگەیاند كە دەتوانرێت بەلێكگەیشتن و كاری هاوبەش جارێكی دیكە دەستوور زیندو بكرێتەوە و ڕێزی لێ بگیرێت و بێ جیاوازی جێبەجێی بكرێت تا تاریكپەرستانی وەك داعش دروست نەبنەوە و كارەساتی وەك شەنگال و ناوچەكانی دیكەی عێراق و هەرێمی كوردستان دووبارەنەبنەوه.


هەر دەربارەی لێكەوتەكانی شەڕ بەڕێزیان ئاشكرای كرد كە لەمێژووی دوور و نزیكدا شه‌ڕ بووەتە هۆی وێرانكاری، دواكه‌وتنی كۆمەڵایەتی و هه‌ره‌سهێنانی ئابووری و زۆر جار شه‌ڕفرۆشی بیر له‌وە ناكاته‌وە كە ئاگری شه‌ڕ ماڵی خۆیشی ده‌گرێته‌وە و باشترین نموونەشی بەهێرشی ڕژێمی بەعس بۆ سه‌ر كوردستان، ئێران و كوێت هێنایەوە كە لەكۆتاییدا عێراق وێران بوو، خه‌ڵێكێكی زۆری بێ گوناە كوژران و ژیان و ئابووری و باری ده‌روونیی خەڵكی وڵاتەكە تێكچوو و بەكارهێنانی چه‌كی كیمیایی و بڕیاری كۆمه‌ڵكوژی، بووە سیاسه‌تی پەیڕەوكراوی ڕژێم كە تا ئێستاش خه‌ڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە باجی سیاسه‌تی شه‌ڕفرۆشیی ئه‌و قۆناغانە ده‌ده‌ن و دیار نییە كەی كاریگەرییە خراپەكانی كۆتایی دێن.

لەبەشێكی دیكەی وتەكەیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی داوای كرد پێكه‌وه، ڕاشكاوانه، بەنیازی پاك و كرداری شیاو و هه‌ڵوێستی نیشتمانپەروەرانەوه، هەنگاوی بیناتنه‌رانە بۆ ڕێكەوتن له‌سه‌ر نەخشەڕێی هاوبەش، وڵات و حوكمڕانییه‌كی بێ جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی، مەزهەبی و ناوچەیی بنرێن و ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان هەمیشە ویستی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستیی خۆی نیشان داوە، هەروەها بەمایەی شانازیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانی زانی كەهەرگیز ڕێگەی نەداوە شەڕی ڕژێمەكانی پێشووتری عێراق كە بەسەر گەلی كوردستاندا سەپێنرا بوو، ببێتەشەڕی نێوان كورد و عەرەب.


ئاماژەی بەوەش‌ دا كەزۆر جار خەڵك باسی ئەوەدەكەن سەرتاسەری عێراق دەوڵەمەندە بەسامانی سروشتی، بۆیە داوای كرد لەمەودوا بۆ خۆیان و هەموو دنیا بسەلمێنن پاراستنی ژیان و پێكەوەژیان بۆ ئەوان لەهەموو سەرچاوەیەكی سروشتی گرنگترە و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمیش پێكه‌وە سیاسه‌تی ئاشته‌واییی كۆمه‌ڵایه‌تی، پێكەوەژیان و گه‌شه‌ی ئابووری و سازانی سیاسی دابڕێژرێت چونكەگۆڕانكاریی خێرای هه‌رێم پێویستی بەدیدی هاوبه‌ش، دوور لەناكۆكی، ناته‌بایی و ناسازی هەیە چونكە هه‌مووان لەسه‌ركه‌وتن و نشوستییەكان بەرپرسیارن‌، ئاشكراشی كرد كە لەكاتێكدا هه‌وڵ بۆ پێكه‌وە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێم  و بووژانه‌وه‌ی ئابووری و ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی لەگەڵ دۆستانی دوور و نزیك و دراوسێكان دەدەن، نابێت ئه‌وە له‌بیر بكرێت كە هه‌ریه‌كێك له‌و وڵاتانەش بە هه‌مان شێوە بەرژەوەندیی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان هەیە، بۆیە پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌مای لێكگەیشتن و ڕێزلێكگرتن، به‌رژه‌وه‌ندیی هەمووان ده‌پارێزێت لەچوارچێوه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و داب و ده‌ستووری دیپلۆماسی و سه‌روەریی هه‌ر وڵاتێك و پێكهاتە ده‌ستوورییەكانیدا.


بەڕێزیان لەمبارەیەوەدووپاتی كردەوە كە ئه‌ركی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت ڕێخۆشكردن و زەمینەسازی بێت بۆ لێكنزیكبوونەوەی هه‌رێم له‌گه‌ڵ دراوسێكانی و گه‌شەپێدانی ئابووری، بازرگانی، به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری هاوبه‌ش بۆ گرفت و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و ئه‌م جۆرە كاركردنه‌شی بە مەترسی بۆ سەر عێراق نەزانی، به‌ڵكو ده‌بێتەهۆی  پتەوكردنی په‌یوه‌ندیی دۆستانە و دراوسێیانە له‌سه‌ر هەموو ئاستەكان، هەروەها ڕایگەیاند كەپاراستن و گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندیی هه‌رێم لەگه‌ڵ دۆستان و هێزی نێودەوڵەتی ئەوانەی مانه‌وە و سه‌قامگیریی هه‌رێمیان مه‌به‌ست و به‌رژه‌وندییانه، بە ئه‌ركی سەرشانی سەرۆكی هه‌رێم زانی، هەروەها بیری هێنایەوە كە بێ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و فریاگوزاریی هێزی نێوده‌وڵه‌تی، داعش دەیتوانی زیانێكی مه‌زنتر بە كوردستان و عێراق و جیهان بگەیەنێت و لەمبارەیەوە سوپاسی خۆڕاگریی یه‌ك بەیه‌كی خه‌ڵكی هەرێمی كوردستانی كرد كەوێڕای شه‌ڕ و كه‌مبوونی مووچە و سستیی بازاڕی كار و دابه‌زینی چالاكیی ئابووری، لە هەستیاریی دۆخەكە تێگەیشتن و یارمه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمیان دا، تاسەختی و نه‌هامه‌تی و نه‌بوونیی ئه‌م چەند ساڵه‌ی ڕابردووی، بە سه‌ربه‌زری تێپه‌ڕاند.


بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە ئه‌گه‌ر ئه‌زموونی چه‌ند ساڵی ڕابردوو ڕێنیشانده‌ر بێت، وه‌ك  هەموو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سەردەم، داننان بە جیاوازییەكان، نابێتە ڕێگر لە سه‌رخستنی خواست و مه‌به‌ست و بەرژوەندیی گشتیی هه‌رێمی كوردستان، چونكە سەرباری هەموو جیاوازییەكان، گەلی كوردستان شایسته‌ی داهاتوویه‌كی باشترە بۆ نه‌وەی ئێستا و ئایندەو سه‌ركه‌وتنی نه‌وه‌ی تازەشی بەهۆكاری دابینكردنی ئایندەیەكی باش بۆكۆمەڵگە زانی، پێویستیی كاری جددی بۆ پێكه‌وه‌ژیان، گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵاتی، ئابووری، سیاسی و هەموو بوارێكی دیكە و پاراستنی سروشت و ژینگە دووپات كردەوە بەجۆرێك له‌گه‌ڵ به‌رپرسیاریەتیی ئێستا و قۆناغی داهاتوودا ژینگە وه‌ك سه‌رچاوەی سه‌ره‌كیی ژیان، زەره‌رمه‌ند نه‌بێت و وەفاداری بۆ كاری هاوبەش و ڕادەستكردنی وڵات بەنەوەی داهاتوو بەئەمانەتەوەهەبێت و لەمبارەیەوەئامادەیی خۆی دەربڕی هەموو توانا و ئەزموون و خواستی خۆی و پۆستهكەی بۆ هاوكاریكردنی بەڕێز سه‌رۆك وەزیرانی نوێ و كابینە و هەموو وەزیرەكانی بەكاربهێنێت تا لە به‌رپرسیاری و كاری خۆیاندا سه‌ركه‌وتوو بن.


بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دایە هاووڵاتیان لەپێناو پێكەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامیی گەلی كوردستاندا سەرۆكایەتیی هەرێم چەتری یەكڕیزی و كۆكەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پێكهاتە ئیتنی و ئایینییەكانی دەبێت بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەكانیانەوە و ئاشكرای كرد كە هەرێمی كوردستان موڵكی هەموو كوردستانیانە بە هەموو جیاوازییەكانیانەوە، سەرۆكایەتیی هەرێمیش سەكۆی ئیرادە و خواست و مافەكانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاكارییەك و بۆ هەمووان دەبێت و بەیەك چاوی سەیری هەمووان دەكات.


دووپاتیشی كردەوەكەئارامی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و زامنكردنی مافی تاك و كۆمەڵگە، ئامانجی سەرەكییان دەبێت بە گرتنەبەری دیالۆگ لە چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدرال لە چوارچێوەی دەستووردا، هەروەها پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و بەردەوامیدان بە بەهێزكردنی پێگە و سەنگی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەروەها كاری جددی دەكەن و هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەدەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، زامنكردنی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان و بەها و پرەنسیپەكانی جیهانی پێشكەوتوو، دابینكرنی ماف و شایستەی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە، نەهێشتنی هەموو جۆرەتوندوتیژییەك، پتەوكردنی پێكەوژیان و تەبایی و یەكترقبووڵكردن لەوڵاتێكدا كەوڵاتی هەمووان بێت و هەموو تاكێك خۆی بەخاوەنی بزانێت.


لەكۆتایی وتەكەیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووبارەبەخێرهاتنی میوانانی ڕێوڕەسمەكەی كرد و سوپاسی كردن بۆ ئامادەبوونیان.
دەقی وتاری بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان:

به‌‌ڕێز جەنابی سەرۆك بارزانی،
بەڕێز جەنابی د. بەرهەم ساڵح سەركۆماری عێراقی فیدرال،
بەڕێز محمد الحلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق،
بەڕێز مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا،
بەڕێز پامر السبهان، وەزیری دەوڵەتی سعوودیە بۆ كاروباری كەنداو،
بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان،
بەڕێزان باڵیۆزانی وڵاتان لەعێراق،
دیپلۆماتكاران، سەركردەو سیاسەتمەداران و لایەنەسیاسییەكان، میوانان و ئامادەبووانی خۆشه‌ویست لەعێراق، لەبەغدا كەتەشریفتان هێناوە هەمووتان بەخێر بێن.
ڕۆژتان باش.
مایەی خۆشحاڵیمانەكەئەمڕۆ هەمووتان لێرەن و لەم ڕێوڕەسمەدا لەگەڵ ئێمە بەشدارن.
بەڕێزان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامانی پەرلەمان، نوێنەرانی گه‌لی هەرێمی كوردستان بەگشت ڕه‌نگ و بیر و بۆچوونەكانیەوە:
سوپاس كە ئێوە وه‌ك نوێنەرانی گه‌ل، ده‌نگتان دا بە هه‌ڵبژاردنم وەك سەرۆكی هەرێم چوار ساڵی داهاتوو. سوپاس بۆ هەمووان، سوپاس بۆ ئەوانەی ده‌نگیان دا، ئەوانه‌ی ده‌نگیان نه‌دا، ئه‌وانه‌ی ڕۆژی دەنگدان نەچوونە په‌رله‌مان. سوپاسی هەر هەمووتان دەكەم.
هه‌ر یه‌ك لە ئێوه‌، بەخواستی خۆی و بە نوێنه‌رایەتیی ده‌نگده‌ر، له‌سه‌ر ڕاسپاردەی  ئه‌و حزبه‌ی نوێنه‌راتی ده‌كه‌ن لەپه‌رله‌مان، ماف و ئه‌ركی دیموكراسیی خۆتان پیادەكرد. له‌م كاته‌دا، گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وت بەردەوامبوونی خودی پرۆسەی دیموكراسییە لە هه‌رێمی كوردستان. سوپاس كەمتمانه‌تان پێدام.
لەڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا و لەكاتی خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌م ئەركەنوێیه‌، گه‌لێك یادی خۆش و ناخۆش دێنه‌وەبیرمان. هه‌ندێك ڕووداو دوورن، به‌ڵام لەه‌ه‌ستی مرۆڤایەتیماندا خۆیان چه‌سپاندووە و بەئاسانی لەبیر ناكرێن. لەبیریان ناكه‌ین، تا لێیان فێر ببین.
هه‌ندێك ڕووداو هێندە نوێن، هێشتا خۆشی و ناخۆشییان له‌گه‌ڵ هه‌ست و هزر و كاری ڕۆژانه‌ماندا، خۆیان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن. ناخۆشترین یادی نوێ، هێرشی دڕندانەی داعش بوو بۆ سه‌ر چه‌ندین شار و شارۆچكە و گوندی هه‌رێمی كوردستان و عێراق. شێوازی كوشتاری تێرۆریستانی داعش هەموومانی تووشی شۆكێكی بێ وێنەكرد، دنیای هه‌ژاند.
زۆر كه‌س پێشبینیی دڕنده‌یی له‌و جۆره‌ی نه‌ده‌كرد. زۆر كەس بڕوایان نەدەكرد لەسەدەی بیست و یەكدا هێزێكی تاریكپەرستی وا، دەستی بچێتەئەو هەموو دڕەندەیی و ئەو هەموو تاوانە. بۆ ماوه‌یه‌كی كورت لەوەده‌چوو كەتیرۆرستان لەمه‌رام و مه‌به‌ستیان بۆ تۆقاندنی دونیا، سەركەوتوو بن.
جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، ڕۆڵێكی گرنگ و سه‌ره‌كی بینی لەبەرپەرچدانەوەی تیرۆریستانی داعش و تێكشكاندنی خه‌ونی تاریكپەرستی و وێرانكارییان. جه‌نابیان وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمەرگەی هه‌رێمی كوردستان، به‌وپه‌ڕی توانایه‌وە ڕاستەوخۆ بەشداریی پاراستن و بەرگری لە هەرێمی كوردستان كرد.
شه‌ونخوون و بێ وچان لەبه‌ره‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگە قارەمانەكان، بەسه‌بر و خۆڕاگری، ئه‌زموونی پێشمه‌رگایه‌تی هەر لە(16) ساڵییەوەتا ئەمڕۆی خستە خزمەتی به‌رگری و پاراستنی ژیان و مرۆڤایه‌تی لە هەرێمی كوردستان و عێراق و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش.
لەو قۆناغەسەختەدا، جگەلەڕۆڵی سەربازیی یەكلاكەرەوەو بەرزكردنەوەی ورەو بڕوا‌ی پێشمەرگە لەبەرەكانی جەنگدا‌، جەنابی سەرۆك بارزانی بەئەزموونی نزیكەی (55) ساڵی خەبات و تێكۆشانی خۆی لەشۆڕش و سەركردایەتی و ڕابەرایەتیكردنی شۆڕشدا، بەحیكمەت و لێزانی و شارەزاییی خۆی، گەلی كوردستانی لە هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینەوه‌، بۆ كەناری ئارامی پەڕاندەوە.
ئەم ڕێوڕەسمەی ئەمڕۆش كەزادەی پرۆسەی دیموكراسییە، بەرهەمی خەبات و تێكۆشان و كۆڵنەدانی جەنابی سەرۆك بارزانی و تێكۆشەرانی گەلەكەمانە‌. بەرهەمی خەباتیانە بەرەو بەدیموكراسیكردنی هەرێمی كوردستان.
دوای ڕاپەڕین، ئازاری ساڵی 1991 لەكۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا لەكۆیە، بۆ یەكەمجار جەنابی سەرۆك بارزانی داوای كرد كەبۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن بكرێت و گەلی كوردستان نوێنەرانی خۆی لەپرۆسەو دەنگدانێكی دیموكراسیدا هەڵبژێرێت. خەبات و تێكۆشان و سەكردایەتیكردنی سەرۆك بارزانی، ئیلهامبەخشی ئێمەیە بۆ هەنگاونانی دروست بەرەو ئایندە.
پێشمه‌رگە، بەیارمه‌تی و هاوكاریی هاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تی بەسەرۆكایەتیی ئەمەریكا، هاوشان لەگەڵ هێزە عێراقییەكانی سوپا و حەشدی شەعبی، سه‌ركه‌وتن لەئازادكردنی ناوچەداگیركراوه‌كان و ڕزگاركردنی خه‌ڵكی كۆیله‌كراو و چەوساوه‌ی ژێر دەستی داعش. هەموومان قوربانیی گه‌وره‌مان دا له‌پێناو ئازادی، لەپێناو سه‌ربه‌ستی و مافی ژیان و نیشتمان و گه‌له‌كه‌ماندا.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان، سڵاو لەكەسوكاری سەربەرزیان، هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. سڵاو لەپێشمه‌رگە و هێزە عێراقییەكان، لەسوپا و حەشدی شەعبی و ئه‌و هێزانەی ڕۆڵی مێژووییی خۆیان بینی له‌و قۆناغەناسكه‌ی هه‌رێم و عێراق و جیهاندا. به‌رگریی ئێمە لە عێراق، به‌رگری بوو لەمرۆڤایه‌تی، بەرگری بوو لەمافی ژیان و سه‌رفرازی.
وڵاتانی هاوپه‌یمانیی دژی داعش ڕۆڵی كاریگەر و بوێرانه‌یان بینی لەهاوكاری و سه‌رپه‌رشتیی پێشمه‌رگەبۆ كۆتاییهێنان بەده‌سه‌ڵاتی تیرۆریستانی داعش. سوپاسی بێ پایان بۆ حكوومه‌ت و هێزی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتیی ئەمەریكا و هەموو وڵاتانی بەشدار لەناوچەكەو لەجیهان، كەبوونە هاوكار و گه‌ره‌نتیی گەڕانەوەی هیوای ژیان و ئاشتی و ئازادی، لە هه‌رێمی كوردستان و لەتەواوی عێراق.
پێشمەرگەسەلماندی كە وەك هەمیشە دەتوانێ بەرگری لەوڵات بكات. لەقۆناغی داهاتوودا هەموو هەوڵێك دەدەین كەلە هەموو ڕوویەكەوە پێشمەرگە ڕێكبخرێتەوە و بەهێز بكرێت و وەك بەشێك لەسیستمی بەرگریی عێراق، ماف و شایستە دەستوورییەكانی خۆی بەدەست بهێنێت. سوپاسی هاوپەیمانان دەكەین كەبۆ ئەم مەبەستە هاوكار و پشتیوانن.
بەڕێزان،
هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدرالیی دەستووریی عیراق، سەلماندوویەتی كەبەشێكی دیار و كاریگەری ناوچەكەو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەو ڕۆڵی بەرچاوی لەپاراستنی سەقامگیری و هاوسەنگیی ئابووری و سیاسیی ناوچەكەدا هەیە. هەموو پێشكەوتنە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكانی ناوچەكە و جیهانیش، كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە.
بۆیەقۆناغەكانی داهاتوو، هاوكاری و هەماهەنگی و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانمان لێ دەخوازێت لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەكەو دۆستانمان لەجیهاندا. بۆ ئەم مەبەستەو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزلەیەكگرتن، دەمانەوێت دەستی هاوكاری و هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی بۆ هەمووان درێژ بكەین.
له‌سه‌ر ئاستی جیهان و لەزۆربه‌ی زۆری وڵاتاندا، ئێمە بە قۆناغێكی ناسكی جیاوازیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا تێده‌په‌ڕین. كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش، وه‌ك هەر كۆمەڵگه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تی، بێ داخوازیی سەربەستی، ئازادی، گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایەتی و خۆشگوزه‌رانی نییە.‌ لەهەمان كاتدا، وه‌ك زۆربەی میللەتانی دیكه‌، ئێمه‌ش بێ ململانێی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ئایدۆلۆژی نین.
لەسەر ئاستی ناوخۆی ه‌ەرێمی كوردستان، ئێمەزۆر جار لەفه‌رهه‌نگی سیاسی و نەریتی میدیاییماندا پتر لەپێویست جه‌خت له‌سه‌ر ململانێ، ناته‌بایی و ناسازیمان ده‌كه‌ین. با لەمەودوا لەگشت ئاستێكی كۆمەڵایەتی و سیاسیدا له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆك و ته‌با و ساز بین.
پێم وا نییە ئه‌مەداخوازییه‌كی له‌توانابه‌ده‌ر بێت بۆ هێزە سیاسییه‌كانی هەرێمی كوردستان. پێم وا نییە هیچ كه‌سێكی خه‌مخۆری ئه‌م میللەتە، ئەو ئاواتە نه‌خوازێت. كۆكبوون، ته‌بایی و سازانمان، ناڵێت جیاوازیی بیروڕا و بۆچوومان وه‌لاوەبنێین.
ده‌زانم ململانێ و جیاوازی هه‌ر ده‌مێنن، ئەمەشتێكی ئاسایییە، بەڵام داوا ده‌كه‌م با بیركردنەوه‌مان ناكۆك، ناته‌با و ناساز نه‌بێت. له‌بری بیركردنەوە لە چۆنیەتیی بنكۆڵكردنی پێگه‌ی یه‌كتر، با بیر و هه‌ڵسوكه‌وت و كردارمان پێكه‌وە و بنیاتنه‌رانەبێت بۆ گەڕان بەدوای چاره‌سه‌ری هاوبه‌ش و ئاینده‌ی هاوبه‌شدا.
با نیشتمان كۆكەرەوەی هەموومان بێت. با نوێنه‌رانی پێكهاته‌كانی هەرێمی كوردستان، بە هه‌موو ڕه‌نگ و جیاوازییانه‌وه‌، به‌شداریی ژیانەوەی هه‌رێم و بەهێزكردنی بنەمای ڕه‌وتی به‌ره‌و ئاینده‌مان بكه‌ن.
داوا و خواستی من وه‌ك سه‌رۆكی چەند ساڵی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان ئەوەیە پێكه‌وەكار بكه‌ین بۆ هێنانه‌دی ئاواتی لەخۆمان و لە هه‌ریه‌ك لەحزبەكانمان گه‌وره‌تر بۆ ئەم وڵاتە.
پێكه‌وەئاراسته‌ی هاوبەشمان دەستنیشان بكه‌ین. پێكه‌وە له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و عێراق، پێكه‌وە له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان، پێكەوە له‌گه‌ڵ دۆستە نێوده‌وڵه‌تییه‌كانمان، پێكه‌وە له‌گه‌ڵ ڕێكخراوانی نێوده‌وڵه‌تی، بارودۆخی نوێی گونجاو له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و كۆمه‌ڵگه‌ی هاوبەشی هه‌رێم، ژیان و نیشتمانی هاوبه‌شمان بپارێزین.

هیچ گومانم نییەكاتێك پێكه‌وەنەخشەڕێی نوێی هاوبه‌ش بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق داده‌نێین، ڕێ هه‌ڵەناكه‌ین. بۆ هه‌موومان ئاشكرا دەبێت بەچ ئاراستەیەك هه‌نگاو ده‌نێین و چی پێویست ده‌بێت بۆ گەیشتن بەئامانجی هاوبەشمان.
ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال لەبه‌غدا پێكه‌وەكار بكەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبه‌ش لەچوارچێوه‌ی ده‌ستووری فیدرالی عێراقدا. ئه‌و ده‌ستووره‌ی كەگەلانی عێراق چه‌ندهه‌ا ساڵ خەونیان پێوە دەبینی تا ببێتەبنه‌مای عێراقێكی نوێ، كەتێیدا مافەكانی هه‌رێم و هەموو عێراقییەكان لەچوارچێوەی حوكمڕانییەكی دیموكراتی فیدرالدا بپارێزرێت. ده‌ستوورێك كەچوار لەسەر پێنجی دەنگدەران لەسەرتاسەری عێراق ده‌نگیان پێدا.
ده‌ستوورێكی فیدرالی كەجێبه‌جێكردنی تەواوی ماددەو بەندەكانی ببێتەزامنكردنی پێكه‌وه‌ژیان، لێكگه‌یشن، یه‌كتر په‌سه‌ندكردن و به‌هێزكردنی پرۆسه‌ی سیاسی لەعێراق.
ئێمەئومێدمان بەدەستوور هەبوو، بەڵام بەداخەوە نەتوانرا وەك خۆی جێبەجێ بكرێت. نەتوانرا ئەو عێراقە نوێیە بنیات بنرێت كە هەموو گەلانی عێراق خەونیان پێوەدەبینی. ئەو عێراقەنوێیەی كە هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بنیاتنانی هەموو دامەزراوەكانیدا، ڕۆڵ و بەشداریی كارای هەبووە و بەرگری لێ كردووە.
لەعێراق هیچ بەدیلێكی دیكەبۆ دەستوور نییە. بەئەزموون ئەوەمان بینی كەپشتگوێخستنی بەمەبەست و بێ مه‌به‌ست، یان جێبەجێ نەكردنی هه‌ر به‌ندێكی ئەو دەستوورە، ده‌بێتە هۆی سەرهەڵدانی ناكۆكی و ناته‌بایی و ناسازیی نوێ لەنێوان پێكهاتە عێراقییەكاندا.
دەتوانین بەلێكگەیشتن و كاری هاوبەش جارێكی دیكە دەستوورەكەمان زیندو بكه‌ینه‌وە. ڕێزی لێ بگرین و بێ جیاوازی جێبەجێی بكه‌ین. بۆ ئەوەی تاریكپەرستانی وەك داعش دروست نەبنەوە، كارەساتی وەك شەنگال و ناوچەكانی دیكەی عێراق و هەرێمی كوردستان دووبارەنەبنەوە.
تاكو عێراق و هەرێمی كوردستان ئارامتر و ئاوەدانتر بن و لەمەترسیی شەڕ و تیرۆر بەدوور بن كە هێشتا بەجددی هەڕەشە لە عێراق و ناوچەكە و لەجیهانیش دەكات و لێمان دەخوازێت پێكەوە هاوكار و هەماهەنگ بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی.
ئامادەبووانی بەڕێز،
لەمێژووی دوور و نزیكماندا شه‌ڕ بووەتە هۆی وێرانكاری، دواكه‌وتنی كۆمەڵایەتی و هه‌ره‌سهێنانی ئابووریمان. زۆر جار شه‌ڕفرۆش بیر له‌وە ناكاته‌وە كە ئاگری شه‌ڕ ماڵی خۆیشی ده‌گرێته‌وە. باشترین نموونە كە هه‌موومان لەبیرمانە، هێرشی ڕژێمی بەعس بوو بۆ سه‌ر كوردستان، ئێران و كوێت. لەكۆتاییدا عێراق وێران بوو، خه‌ڵێكێكی زۆری بێ گوناھ كوژران. ژیان و ئابووری و باری ده‌روونیی خەڵكی وڵاتەكە تێكچوو.
بەكارهێنانی چه‌كی كیمیایی و بڕیاری كۆمه‌ڵكوژی، بووە سیاسه‌تی پەیڕەوكراوی ڕژێم. تا ئێستاش خه‌ڵكی ئه‌م وڵاتەو ئه‌م هه‌رێمە و تەنانەت ناوچەكەش، باجی سیاسه‌تی شه‌ڕفرۆشیی ئه‌و قۆناغانە ده‌ده‌ن و هێشتا دیار نییە كەی كاریگەرییە خراپەكانی كۆتایی دێن.

با برینی ڕابردوومان بەلێبوردەیی و سنگفراوانی ساڕێژ بكەین، نەك تۆڵە و پلانی نەگونجاو لەگەڵ پێكەوەژیان.
ئامادەبووانی بەڕێز،
كوردستانیانی خۆشەویست..
با پێكه‌وه‌، ڕاشكاوانه‌، بەنیازی پاك و كرداری شیاو و هه‌ڵوێستی نیشتمانپەروەرانەوه‌، هەنگاوی بیناتنه‌رانە بنێین بۆ ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر نەخشەڕێی هاوبەش، بۆ وڵات و حوكمڕانییه‌كی بێ جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی، مه‌زهه‌بی و ناوچەیی.
گەلی كوردستان هەمیشە ویستی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستیی خۆی نیشان داوە. مایەی شانازیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانەكە هەرگیز ڕێگەی نەداوە شەڕی ڕژێمەكانی پێشووتری عێراق كە بەسەر گەلی كوردستاندا سەپێنرا بوو، ببێتە شەڕی نێوان كورد و عەرەب.
زۆر جار خەڵك باسی ئەوە دەكەن كەسەرتاسەری عێراق دەوڵەمەندە بەسامانی سروشتی، بەڵام با لەمەودوا بۆ خۆمان و هەموو دنیا بسەلمێنین كە ئێمە پاراستنی ژیان و پێكەوەژیانمان لە هەموو سەرچاوەیەكی سروشتی لا گرنگترە لەعێراقدا‌.
له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم، با پێكه‌وە سیاسه‌تی ئاشته‌واییی كۆمه‌ڵایه‌تی، پێكەوەژیان و گه‌شه‌ی ئابووری و سازانی سیاسی دابڕێژین. گۆڕانكاریی خێرای هه‌رێم پێویستی بەدیدی هاوبه‌ش، دوور لەناكۆكی، ناته‌بایی و ناسازی ده‌بێت.
لەكۆتاییدا، هه‌موو به‌رپرس ده‌بین لەسه‌ركه‌وتن و لە شكستهێنان. هەموو پێكهاتەكانی هه‌رێمی كوردستان پێویستییان بەپاراستنی ماف و موڵك و سه‌رمایەی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیییان هه‌یە.
كاتێك ئێمە هه‌وڵ ده‌ده‌ین، پێكه‌وە ئارامی و ئاسایشی هه‌رێم بپارێزین، بهه‌ێزی بكەین، كاتێك به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ بووژانه‌وه‌ی ئابووری و ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ دۆستانی دوور و نزیك و دراوسێكانمان، نابێت ئه‌وە له‌بیر بكەین كە هه‌ریه‌كێك له‌وانیش بە هه‌مان شێوه‌ی ئێمە بەرژەوەندیی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی هەیە.
پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌مای لێكگەیشتن و ڕێزلێكگرتن، به‌رژه‌وه‌ندیی هەمووان ده‌پارێزێت لەچوارچێوه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و داب و ده‌ستووری دیپلۆماسی و سه‌روه‌ریی هه‌ر وڵاتێك و پێكهاتە دەستوورییەكانیدا.
بێگومان ئه‌ركی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت ڕێ خۆش بكات و زەمینەسازی بكات بۆ لێكنزیكبوونەوەی هه‌رێم له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان بۆ گه‌شەپێدانی ئابووری، بازرگانی، به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری هاوبه‌ش بۆ گرفت و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش. ئه‌م جۆرە كاركردنە هیچ كات نابێتە مه‌ترسی بۆ عێراق، به‌ڵكو ده‌بێتە هۆی  پتەوكردنی په‌یوه‌ندیی دۆستانە و دراوسێیانە له‌سه‌ر هەموو ئاستەكان.
خۆشەویستان،
پاراستن و گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندیی هه‌رێم لەگه‌ڵ دۆستان و هێزی نێودەوڵەتی كەمانه‌وە و سه‌قامگیریی هه‌رێمیان مەبەستە و بە بەرژوەندی دەزانن، ئه‌ركی سه‌رشانی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت. هه‌موومان ده‌زانین، بێ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و فریاگوزاریی هێزی نێوده‌وڵه‌تی، داعش دەیتوانی زیانێكی گه‌لێك مه‌زنتر بەكوردستان و عێراق و جیهان بگەیەنێت. بێگومان هاوكاری و كۆمه‌كی سه‌ربازی، بووە هۆی سەركەوتنی به‌رگریی ئێمە بۆ شكستهێنان بە داعش.
سوپاس بۆ خۆڕاگریی یه‌ك بەیه‌كی خه‌ڵكی هەرێمی كوردستان، كەوێڕای شه‌ڕ و كه‌مبوونی مووچە و سستیی بازاڕی كار و دابه‌زینی چالاكیی ئابووری، لە هەستیاریی دۆخەكە تێگەیشتن و یارمه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمیان دا، تاكو سه‌ختی و نه‌هامه‌تی و نه‌بوونیی ئه‌م چەند ساڵه‌ی ڕابردووی، بەسه‌ربه‌زری تێپه‌ڕاند.
ئه‌گه‌ر ئه‌زموونی چه‌ند ساڵی ڕابردوو ڕێنیشانده‌رمان بێت، ده‌بێت لەسەر ئه‌و ڕاستییە كۆك بین كە وه‌ك  هەموو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سه‌رده‌م، داننان بەجیاوازییەكانمان، نابێتە ڕێگر لە سه‌رخستنی خواست و مه‌به‌ست و بەرژوەندیی گشتیی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رباری هەموو جیاوازییەكانمان، شایسته‌ی داهاتوویه‌كی باشترین بۆ نه‌وەی ئێستا و نه‌وەكانی ئاینده‌مان. سه‌ركه‌وتنی نه‌وه‌ی تازە لەخوێندن و فێربوون و شاره‌زایی لەزانست، فەرهەنگ، تەكنۆلۆژیا، ئه‌ندازیاری، پزیشكی، كۆمه‌ڵناسی، دەرووناسیی، مێژوو و بابه‌تی په‌یوه‌ندیی مرۆیی، كۆمەڵگەی ئێمە به‌ره‌و ئاینده‌یەكی گه‌شتر ده‌بات.
پێكه‌وه‌ژیانمان، گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵاتی، ئابووری، سیاسی و هەموو بوارێكی دیكه‌، پێویستی بەكاری جددی و گونجاو هه‌یە بۆ پاراستنی سروشت و ژینگه‌، بەجۆرێك له‌گه‌ڵ به‌رپرسیاریەتیی ئێستا و قۆناغی داهاتوومان، ژینگە وه‌ك سەرچاوەی سه‌ره‌كیی ژیان، زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بێت.
بەكاری هاوبه‌شمان وه‌فادار ده‌بین بۆ خه‌باتی نه‌وه‌ی پێش خۆمان. بە ئه‌مانه‌ته‌وە وڵاته‌كه‌مان ده‌ده‌ینە ده‌ست نه‌وەكانی داهاتوو. بۆ گه‌یشتن بەئامانج و كاری هاوبەشمان، وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم، ئەوپەڕی توانا و ئەزموون و خواستی خۆم و پۆسته‌كه‌م، به‌وپه‌ڕی جددیه‌وە به‌كاردەهێنم بۆ هاوكاریكردنی بەڕێز سه‌رۆك وەزیرانی نوێ و كابینە و هەموو وەزیرەكانی، تاكو لەبه‌رپرسیاری و كاری خۆیاندا سه‌ركه‌وتوو بن. سەركەوتنی هەر یەكێك لەئێمه‌، سه‌ركه‌وتنی هه‌موومانە.
جارێكی دیكە سەرجەم كوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەكەمەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێم چەتری یەكڕیزی و كۆكەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پێكهاتە ئیتنی و ئایینییەكانی دەبێت، بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەكانیانەوە، لەپێناو پێكەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامیی گەلی كوردستاندا.
هەرێمی كوردستان موڵكی هەموو كوردستانیانە بە هەموو جیاوازییەكانیانەوە، سەرۆكایەتیی هەرێمیش سەكۆی ئیرادە و خواست و مافەكانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاكارییەك. بۆ هەموومان دەبێت و بەیەك چاو سەیری هەمووان دەكرێت.
دووپاتی دەكەمەوە كە ئارامی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و زامنكردنی مافی تاك و كۆمەڵگە، ئامانجی سەرەكیمان دەبێت بە گرتنەبەری دیالۆگ لە چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال لە چوارچێوەی دەستووردا، هەروەها پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و بەردەوامیدان بە بەهێزكردنی پێگە و سەنگی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
كاری جددی دەكەین و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ بەدەسته‌ێنانی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، زامنكردنی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان و بەها و پرەنسیپەكانی جیهانی پێشكەوتوو، دابینكرنی ماف و شایستەی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە، نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەك، پتەوكردنی پێكەوژیان و تەبایی و یەكترقبووڵكردن لە وڵاتێكدا كەوڵاتی هەمووان بێت و هەموو تاكێك خۆی بەخاوەنی ئەم وڵاتە بزانێت. هەموومان یەك خۆر لەسەرمان هەڵدێت و یەك ئاسمان داماندەپۆشێ، یەك ئایندە و یەك چارەنووسیشمان هەیە.
سوپاس بۆ سەرۆك و سەركردەی وڵاتان و هەموو ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان و عێراق و لەهەر شوێنێكی جیهانەوەبێت، بەنامە و برووسكە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ، پیرۆزباییان لێ كردین.
دووبارە سوپاس بۆ ئامادەبوونتان، هیوای سەركەوتن و ڕۆژێكی خۆشتان بۆ دەخوازم.
زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەكتان.
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان