حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 14 NOV 2024 21:01 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی: پشت بەستنی زۆر بە سامانی نەوت جۆرێك لە سستی دروستكردووە

WED, 22 MAY 2019 12:50 | KRG Cabinet

به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پێنجەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی حوكمڕانیی ئەلەكترۆنی لە ئیستۆنیا وتارێکی پێشكەش كرد و تێیدا تیشكی خستە سەر لەمپەرەكانی بەردەم بە ئەلەكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییە حكوومییەكان لە كوردستان و چۆنییەتی چارەسەركردنیان.

لە وتارەكەدا  كە ئەمرۆ چوار شەممە 22 ئایاری 2019 پێشكەشی كرد، به‌ڕێزیان دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ بە ئەلەكترۆنیكردنی حوكمڕانی یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردن و شەفافکردنی داهات و ڕێكخستنەوەی بازرگانی و تەنانەت كەمكردنەوەی تاوانەكان و بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە.

سەبارەت بە ئەزمونی حکوومەتی ئەلەکترۆنی لە هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوە دا كه‌ هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی دژوار و پڕ لە قەیرانی ئەمنی و سیاسی و ئابوری هەنگاوەکانی حکومڕانی ئەلەکترۆنی دەست پێکرد، جگە لەوەش لە كوردستان حەزێكی زۆر بۆ پەیڕەوكردنی بیرۆکراسییەت هەیە، لە بەرامبەر ئەم هەموو لەمپەرەشدا ڕێژەی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و توانای گەنجان بەردەوام لە پەرەسەندندایە هەربۆیە دەكرێت لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو تواناکان ڕێكبخرێن و بەم شێوەیە هەنگاو بە هەنگاو بەسەر لەمپەرەکانی بەردەم حکومڕانی ئەلەکترۆنیدا زاڵ بین.

به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی باسی لەوەش كرد جگە لە یاسا كۆنەكان كە پێویستیان بە هەمواركردنەوەیە، پشت بەستنی زۆر بە سامانی نەوت جۆرێك لە سستی و تەمەڵی دروستكردووە لە كوردستان، ئەوە لە کاتێکدایە کۆمەڵگه‌ی کوردستان نزیكەی 70% گەنجە و زۆربەی هەرە زۆریان تەكنەلۆژیا و سۆشیاڵ میدیا بەكاردەهێنن، بۆیە دەكرێت هەنگاو بەرەو ئەوە بنێین کەمتر پشت بە نەوت ببەستین و ئەزموونی وڵاتێکی وەك  ئیستۆنیاش لەمبارەیەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک وەزیران  جەختی لە پێویستیی جیاكردنەوەی سیاسەتی حزبی لە كاری حوكمڕانی كرده‌وه‌ و گوتی "دەبێت وەزیرەکان سیاسەتی حکوومەت جێبەجێ بکەن نەک بەپێی بەرژەوەندیی حزبەکانیان هەنگاوبنێن چونكە خەڵك بە تایبەت لەم قۆناغەی پاش شەڕی داعش داوای باشترین خزمەتگوزاری دەكەن لە حکوومەت و ئەمەش مافی ئاسایی خۆیانە و دەبێت پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئەولەویەتی كارەكانی حكوومەت بێت".

به‌ڕێزیان له‌ به‌رده‌وامی وته‌كه‌یدا باسی لەوەش كرد كه‌ ڕاستە كوردستان هەرێمێكە لە عێراقی فیدراڵ، بەڵام دەكرێت سەروەرییەکی ئەلەكترۆنی هەبێت و لەو ڕێگەیەوە ببەسترێتەوە بە سیستمە جیهانییەكان، هەروەها بە گرنگییەوە باسی لە پرۆژەی بایۆمەتری كرد كە داتای زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەر لەخۆدەگرێت، جگە لەوەش دەست بە كۆمەلێك پرۆژەی دیكه‌ كراوە بۆ گۆڕانكاریی لە فەرمانگەكانی حكوومەت لە ڕووی ڕێكخستنەوەیان بە شێوەی ئۆن لاین و ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان لە پێداویستییەكانی ئەنجامدانی كاروبارەكانیان بەڕێگەی ئەلەكترۆنی بۆ گێڕانەوەی كات و بەفیرۆنەدانی تواناكان.

لە بەشێكی تری وتارەکەیدا به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی تیشكی خستە سەر كێشە فیدراڵییەكانی بەردەم بە ئەلەكترۆنیكردنی حكوومه‌ت لە چەشنی كارتی نیشتمانی و بانكەكان و گەشبینیی خۆیشی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان لەڕێگەی تیمی شارەزاوە نیشان دا.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی چیرۆكە سەرنجڕاكێشەكانی ناو كۆنفرانسەكەی كرد بەتایبەت ئەزموونی ئیستۆنیا و جەختی له‌وه‌ کردەوە كه‌ پێكەوە كاركردن بەرهەمی باشی دەبێت و خواستی حكوومەتی هەرێمیشی خستەڕوو بۆ هاوكاری و چارەسەركردنی كێشەكان لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئەزموونانە و گوتی "حەزدەكەین پێكەوە گەشە بكەین و پێكەوە چارەسەری كێشەكان بكەین، لێرە فێربووین قەبارەی وڵات گرنگ نییە، بەڵكو كارنامە و بەرهەم گرنگە".

پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی حکومڕانی ئەلەکترۆنی ئیستۆنیا لەژێر دروشمی "ئامانجی هاوبەش و نەخشەڕێگه‌ی جیاواز" دا بەڕێوەچوو و به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حکوومەتی ئیستۆنیا بەشداری لە کۆنفڕانسەکەدا کرد و یەکێک لە میوانە سەرەکییەکانی کۆنفڕانسەکە بوو، کە جگە لە یاریدەدەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا،  زیاتر لە ١٠٠ وەفدی باڵای وڵاتان بەشداربوون.
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان