Kurdistan Regional Government


 

قوباد تاڵەبانی و شاندێکی سەربازی ئەمریکی چاکسازییان لە وەزارەتی پێشمەرگەدا تاوتوێ کرد


به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەفدێکی سەربازیی ئەمریکا بە سەرپەرشتی ژەنەراڵ گریگۆری کرودەر کۆبووەوە و تیایدا تاوتوێی چۆنییەتیی ئەنجامدانی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەماهەنگی زیاتریان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەمە ١٧ی حوزەیران لەهەولێر بەڕێوەچوو و تێیدا به‌ڕێز ستیڤ ڤەیگن کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر بەشداربوو، باس لە شەڕی تیرۆر و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بە هەمان شێوەی کە لە شەڕی داعشدا هەماهەنگ بوون، لە داهاتووشدا بە هەماهەنگیی زیاترەوە پێکەوە ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە.

لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، باس لە چۆنیەتی چاکسازیکردن لە وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگە كرا و تێیدا جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، کردەوە.